کۆڵبەرێکی کورد لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شنۆ بریندار کرا

20:08 - 30 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی \"دەشتە بێلی\" شنۆ بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی سەرماوەز، لە ناوچەی \"دەشتە بێلی\" شنۆ، کاروانێک لە کۆڵبەران دەکەونە بەر دەستڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی \"عەلی مامەند\" بە تۆندی بریندار دەبێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرانە له کاتی ڕۆیشتن بۆ ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ کەوتوونەتە بەر دەسترێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و هیچ کەلوپەلێکی قاچاخیان پێ‌نەبووە.

ئەو سەرچاوەیە ڕاگەیاند: \"پاش بریندارکرانی عەلی مامەند، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران دەستیان بە سەر کەلوپەلی کۆڵبەراندا گرتووە\".

هەر لەم پێوەندییەشدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"ڕەحمان شوانه\" خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\" سەر به شاری سەردەشت، بە هۆی تەقەی نیزامییە حکوومەتییەکان بریندار بوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەروها ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"سالار تەنهایی\"، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە هۆی سەرمابردوویی و ڕاوەستانی دڵی لە سنووری \"نەوسوود\" گیانی لە دەست دا.