کۆڵبەرێکی کورد لە گەردەنەی \"تەتە\" کەوتە خوار و بریندار بوو

23:45 - 10 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەری لە گەردەنەی \"تەتە\" دەکەوێتە خوارەوە و بە سەختی بریندار دەبێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەسعەد فەرەجی\" خەڵکی گوندی \"باراماوا\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزاییەکانی \"تەتە\"ی هەورامان دەکەوێتە خوارەوە کە دەبێتە هۆی برینداربوونی.

ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لە بەرزایی بە سەختی برینداربووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی سنە کراوە.
پزیشکان بارودۆخی گشتیی ئەم کۆڵبەرەیان بە خراپ ڕاگەیاندووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە ترسی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران ڕێگەیەکی دژواری هەڵبژاردووە و بەم هۆیە لە بەرزای کەوتووەتە خوار.

دەوڵەتی ڕۆحانی چەندین جار بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی کۆڵبەرانی داوە کە هەتا ئێستا لەم ڕاستایەدا هیچ هەنگاوێک هەڵنەگیراوە.