کۆڵبەرێکی کورد لە کاتی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکان لە بەرزایی بەربووەوە

14:53 - 29 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد لە بەرزاییەکانی شاری سەردەشت، لە کاتی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ٢٨ لەسەر ٢٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شۆڕش عومەری\" خەڵکی مەهاباد لە کوێستانەکانی شاری سەردەشت، لە ئەنجامی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تووشی بەربوونەوە بوو و گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە و تووشی ئەو ڕووداوە دەبێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە خێزاندارە و ماوەیەک پێشیش یەکێک لە کچەکانی بە ناوی \"سۆزان عومەری\" تەمەن ١٤ ساڵ کە لە کوورەخانەی شاری تەورێز کاری دەکرد، بە هۆی تەقینەوەی پیک‌نیکی گاز گیانی لەدەست داوە.

هەنووکە تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ ساردخانەی پزیشکی یاساییی شاری سەردەشت گوازراوەتەوە و هەتا ئێستە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێت، کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستیی شارەکانی ئێران خەریکن.

کاری کۆڵبەری و کاسبی کردن تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، سووکایەتیان پێدەکرێ و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.