کۆڵبەرێکی کورد، لە ناوچەی شنۆ لە سەرما ڕەق هەڵات

20:15 - 16 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، بە هۆی سەرما و سۆڵەوە لە شاخی \"شەترە\" گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ١٥ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لە شاخی شەترە تووشی با و بۆران بوون و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ئیدریس بایزیدی\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوری قادر، خەڵکی گوندی \"سێنگان\" گیانی خۆی لە دەست دا.

\"\"سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شوێنی ڕووداوەکە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە و کۆڵبەرانی دیکەش کە تووشی سەرمابردووی هاتوون، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراون.

هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفری قورس، یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەیە کە لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەران لەگەڵی بەرەوڕوون.

کۆڵی کۆڵبەران، کەرەستە و شتومەکی تایبەت بە بازرگانی شارە گەورەکانی ئێرانە، کە لە دەرەوەی یاسای گومروکی جێبەجێ دەکرێت.