کۆڵبەرێکی کورد لە شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە حکوومەتیییەکان پێکرا

13:28 - 23 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سەردەشت بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری مەهاباد کە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردبوو، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە مەهابادیەی بە ناوی\"فاروق\" ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە کوردە لە بەرزاییەکانی چیای \"زەردکە\"ی ناوچەی \"بێتووشی\" شاری سەردەشت تەقەی لێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆڵبەرە لاوە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی هیلالی ئەحمەر گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا بە کوردپای راگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە کوردە لە لای سینگیەوە گوللەی بەرکەوتووە و بریندار بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو شەو پێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هەنگی سنووری، کاسبکارێکی کورد خەڵکی پەسوێی شاری پیرانشار کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی \"کامیل مەحموودی\" تەمەن ٣٠ ساڵ ڕاگەیاند.