کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری پیرانشار بریندار کرا

13:14 - 7 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئەسعەد پیری"، خەڵکی پیرانشار، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە بەرەزاییەکانی قەندیل لە سنووری پیرانشار بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە و بریندار بووە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی سنووری سەڵماس کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "سالار ڕەحمانی" کوڕی "محەممەد"، تەمەن ٢٣ ساڵ، بریندار بوو.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی سنووری "وەسونە"ی سەردەشت، کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحیەدین عەزیزی" کوڕی "ئەبووبەکر"، بەسەختی بریندار بوو.