کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری پیرانشار بریندار بوو

19:54 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار به تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییە حکوومەتییەکان لە سنووری ئەو شارە بریندار بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، نیزامییە حکوومەتییەکان، گرووپێک له کۆڵبەرانی کوردیان لە سنووری پیرانشار کردە ئامانجی تەقەی خۆیان و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"نادر نەبیزادە\"، خەڵکی گوندی \"زیوە\" سەر بە شاری پیرانشار به توندی بریندار بوو.

\"\"نادر نەبیزادە
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی سەختی برینەکانیەوە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە، دۆخی تەندرووستیی ئەم کۆڵبەرە کوردەی خراپ وەسف کردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی، ٢٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"ڕەحمان کتابی\"، تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"شیلمان\" و نیشتەجێی گوندی \"نەنور\" سەر بە شاری بانه لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییەکانی حکوومەتی دەستبەجێ گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە به ناوی \"محەممەد مەعرووفی\" تەمەن ٢٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"بژی\" بە توندی بریندار بوو.

نیزامییە حکوومەتییەکان به بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە سنووری \"هەنگەژاڵ\"ی بانه تەقەیان لەم دوو کۆڵبەرە کردبوو.