کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری ورمێ کوژرا

20:48 - 14 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سۆمای برادۆست بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری ورمێ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بەفرانبار، کاروانێک لە کۆڵبەران لە شاخەکانی سنووری ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ دەکەونە کەمینی هیزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"یەعقووب (کامیان) نیک سیرەت\" کوڕی ڕەزاق خەڵکی گوندی \"جۆجەهی\" سەر بە سۆمای برادۆست گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری سۆمای برادۆست، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەو کۆڵبەرانە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای سنووری بردۆک کراونەتە ئامانج.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سابیر مۆحسێنی\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عومەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری بانە بریندار بوو.

هەروها لە هەمان ڕۆژدا، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ئامانج شوکری\" کوڕی تۆفیق خەڵکی نەوسوود بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا.