کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری نەوسوود بریندار بوو

09:50 - 16 بەفرانبار 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "حاتەموڵڵا وەیسی"، خەڵکی جوانڕۆ، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە سنووری نەوسوود بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە لە کاتی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: "شانی ناوبراو شکاوە و بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە".

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "عومەر یاقووبی"، خەڵکی گوندی "کڵاش باخان" و "سەلاح شامورادی"، خەڵکی گوندی "زێڕان" سەر بە جوانڕۆ، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کران.