کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری \"نەنۆڕ\"ی بانە بریندار بوو

13:18 - 18 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان، لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئارمان فلاحی\" خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری \"نەنۆڕ\" بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لاقی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکراوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئارمان فلاحی، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"ئەکبەر محەممەدلو\"تەمەن ٣٤ ساڵە کوڕی جەمشید، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حكوومەتی بە سەختی بریندار بووە.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، لاقی ئەو کۆڵبەرە کوردە پێکراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە بەرزاییەکانی \"ئاواجیق\"لە سنووری شاری ماکۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی دیکە، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لێکراوە.