کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری پیرانشار بریندار کرا

11:21 - 13 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری پیرانشار بریندار و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری پیرانشار، لە لایەن هێزە نیزامییەکانە دەدرێنە بەر دەسڕیژی گولـلە کە لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "جەلال خالیدی" خەڵکی شاری مەهاباد، پێکراوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، هێزە نیزامییەکان ئەو کۆڵبەرە پێکراوەیان ئازار و ئەشکەنجە داوە و ئاسەواری لێدان لە سەر جەستەی ناوبراو دیار بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لەو ڕووداوەدا لاقی پێکراوە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری پیرانشار کراوە.