کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری ورمێ لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بریندار بوو

14:43 - 15 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، لە بەرزایییەکانی داڵانپەڕ بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزایییەکانی دالانپەڕ، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە و لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا، کۆڵبەرێک بە ناوی \"عومەر نەبیزاد\" لە بەشی کەمەرییەوە بە توندی بریندار دەبێت.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، ئەم کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللـەوە.

عومەر نەبیزاد، کۆڵبەری برینداربوو، بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی ورمێ گوازراوەتەوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەزیش، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، بە ناوی \"عەبدولقادر ساڵحی\"، کوڕی جەمیل، خەڵکی دیزەج، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، کە خێزاندار و باوکی چوار منداڵە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژراوە.