کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری سەردەشت بریندار بوو

20:13 - 28 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی سەردەشت بە هۆی تەقەی نیزامییە حکوومەتییەکان لە سنووری ئەم شارەدا بریندار بوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"ڕەحمان شوانه\" خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\" سەر به شاری سەردەشت، بە هۆی تەقەی نیزامییە حکوومەتییەکان بریندار بوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیزامییە حکوومەتییەکان لە \"کانی زەرد و دۆڵەبی\" گرووپێک کۆڵبەریان کردووەتە ئامانجی تەقەی خۆیان و ئەمەش برینداربوونی لاقی ئەم کۆڵبەرە کوردەی بەدواوە بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"سالار تەنهایی\"، تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە هۆی سەرمابردوویی و ڕاوەستانی دڵی لە سنووری \"نەوسوود\" گیانی لە دەست دا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کاری کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی هەوراماندا تووشی ئەم ڕووداوە بووە.