کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری خۆی بریندار کرا

13:59 - 8 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری خۆی، برینداربوونی کۆڵبەرێکی کوردی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری خۆی دەکەونە بەر دەسڕێژی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەجید عەزیمی\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی عەبدوڵخالق، بە سەختی بریندار بوو

تەقە کردن لەو کۆڵبەرانە لە نێوان گوندەکانی \"وار و بەدڵان\" بووە و ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی برینداربوونییەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری تەورێز کراوە و باری تەندروستی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"غەریب تاجی\" تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی خەلیل ، خەڵکی بەشی \"ننور\"ی بانە لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە ناوچەی \"هەنگەژاڵ\"ی ئەم شارە بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە لە لایەن لاقییەوە بریندار بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سنه.