کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری خۆی بریندار بوو

14:47 - 23 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان، کۆڵبەرێکی کوردی لە سنووری خۆی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری خۆی بوونە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان و لە ئاکامی ئەم تەقەیەدا، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"هادی نعمەتی\"، تەمەن ٢٩ ساڵ، به توندی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، لە بەرزایییەکانی \"قوتوور\" لە خاڵی سنووریی خۆی، کەوتووەتە بەر تەقەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان و لە لایەن نێوقەد و لاقییەوە بە توندی بریندار بووە.

ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی برینەکانیەوە ڕاگوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری تەوریز و بەگشتی دۆخی تەندروستییەکەشی خراپ وەسف کراوە.

هادی نعمەتی، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە، که ماوەی دوو ساڵە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی، ڕووی لە پیشەی کۆڵبەریی لە ناوچە سنوورییەکاندا کردووە.

هەر لەم پێوەندیەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"زانیار عەزیززادە\" کوڕی سلێمان، خەڵکی شاری پیرانشار، به هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دابوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، به هۆی زۆربوونی سەرما لە بەرزایییەکانی \"ئالانە\"، لە سنووری پیرانشار، لە کاتی کۆڵبەریدا گیانی خۆی لە دەست داوە.