کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە بریندار کرا

11:25 - 16 جۆزەردان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری بانە کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "عەلی مەعارفی" خەڵکی گوندی "نەنۆڕ"ی  ئەو شارە، بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی بەرکەوتنی گولـلەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لاقی بە تووندی بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی لە شاری بانە کراوە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو داوەتە بەر دەسڕیژی گوللـە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، ١٦ کۆڵبەری کورد لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان هەتا ١٥ی جۆزەردان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و تورکیە لە سنوورەکانی کوردستان  کوژراو و بریندار بوونه.

لە کۆی ئەو ئامارە ٤ کۆڵبەر کوژراو و ١٢ کۆڵبەری دیکە بریندار بوونه.