کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری بانە بریندار کرا

13:03 - 13 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سابیر مۆحسێنی\" تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی عومەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری بانە بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ کاروانێک لە کۆڵبەران دەکەونە بەر دەسترێژی هێزه نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری بانە کراوە.

هەروها ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"ئامانج شوکری\" کوڕی تۆفیق خەڵکی نەوسوود بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری ئەو شارە بریندار کرا. ئەو کۆڵبەرە کوردەش بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکان کراوە.