کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا

10:44 - 28 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، لە سنووری چاڵدێران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەد مراز" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، لە سنووری چاڵدێران پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لە گوندی "مورادلوو" سەر بە شاری چاڵدێران، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەی لێکراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پشت و لاقی وەبەر گوللـەی هێزە نیزامییەکان کەوتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی چاڵدێران کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "جەماڵ بالکی" خەڵکی گوندی "بالک" سەر بە مەریوان، بەهۆی بەربوونەوە لە ملەی تەتەی هەورامان بریندار بوو.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ٢٥١ کۆڵبەر لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراون و بریندار بوون  کە ٧١ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ١٨٠ کۆڵبەریش بریندار بووە.