کۆڵبەرێکی کورد لە ترسی بۆسەی نیزامییە حکوومەتییەکان چووە نێو مەیدانی مینەوە

13:58 - 29 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی بەشی شاهۆ، سەر به شاری ڕوانسەر، لە ئاکامی تەقینەوەی مین، لە سنووری نەوسوود به توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٨ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حەدید باباجانی\"، تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی بورهان، خەڵکی گوندی \"قشڵاق\" له بەشی شاهۆ، به هۆی تەقینەوەی مین، لە سنووری نەوسوود، لە لایەن قولاپەی پێی چەپەوە بە توندی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم بارەوە به ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەم کۆڵبەرە کوردە به هۆی ترس له بۆسەی نیزامییە حکوومەتییەکان، لە سنووری نەوسوود چووەتە نێو مەیدانی مین و به هۆی تەقینەوەی مینەوە به توندی بریندار بووە.

ئەم سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە: ئەم کۆڵبەرە کوردە بۆ وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری کرماشان و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکییە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێراندا، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییە کوردەکانی ناچار کردووە، که بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان ڕوو بکەنە پیشەی پڕمەترسیی کۆڵبەری کە سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سەرمابردوویی و کەوتنەسەر مینە نەتەقێندراوەکان هەڕەشە لە گیانی ئەوان دەکات.

پارێزگاکانی ورمێ، سنە، ئیلام، کرماشان و خووزستان لەو شوێنانەن، کە زۆرترین مینی چێندراویان تێدایە و زۆرتر لە ١٦ میلیۆن مین لەم ناوچانەدا هەن، بەڵام تاکوو ئێستا بۆ خاوێنکردنەوەی ئەم ناوچانە لە مین هیچ کارێکی ئەوتۆ نەکراوە.