کۆڵبەرێکی کورد بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا

11:36 - 11 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، پاش یەک مانگ خەواندن لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ١٠ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "پەیمان یووسفی"، خەڵکی گوندی "دەرمان ئاوێـ"ـی شاری سەردەشت، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، پاش مانگێک خەواندن بۆ چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، ڕۆژی هەینی، ٨ی ڕەزبەر، لە شوێنێک بە ناوی "پلکان"، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە تەقەی لێکرا و لە لایەن دانیشتووانی گوندی "بێتووشـ"ـی شاری سەردەشت، بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە ڕاگوێزرا و بەهۆی خراپیی بارودۆخی تەندروستییەکەی، ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرابوو.