کۆڵبەرێکی کورد بەتەقەی هێزە نیزامییەکان بووە قوربانی

21:47 - 2 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی بانە لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکاندا لە خاڵی سنووریی \"شابادین\" بریندار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خەرمانان، لاوێکی تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی \"ئەسعەد رەحمانپوور\" لە خاڵی سنووریی \"شابادین\"، لەلایەن هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بە توندیت بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هەنووکە ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی یەک مانگی رابردوودا ٩ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێـزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کراون.

ئەو ئامارە رێژەییەوە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد بۆ روومال کردنی هەواڵەکان و هەروەها ئەمنییەتی بوونی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەتایبەت شارە سنوورییەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.