کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی ڕادوونانی هێزەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار بوو

15:40 - 2 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەڵماس لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە بەرزایی بەربوویەوە و بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەڵماس بە ناوی\"ئیسماعیل جەباری\" تەمەن ١٩ ساڵ لە کاتی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزایی بەربوویەوە و بە سەختی بریندار بوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە هەنوکە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ لە ژێرچاودێری پزیشکی دایە و پزیشکانی نەخۆشخانە دۆخی تەندروستی ناوبراویان نالەبار ڕاگەیاندووە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ژێرناوی \"قاچاغچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتوانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەر، هێزەکانی حکوومەتی لە شاری پیرانشار ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی\"حەسەن مورادی\" خەڵکی گوندی\"ئەمنئاوێ\" ی شاری پیرانشار گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەی کورد بە ناوەکانی \"ڕەحمان مەحموودنژاد\" و \"سمکۆ ئەحمەدیان\" بە سەختی بریندار بوون.