کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست دا

15:54 - 14 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری نۆدشە سەر بە شاری پاوە بە هۆی ڕاوەستانی دڵی لە کاتی کۆڵبەری گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەنسوور سوهرابی\" تەمەن ٥٠ ساڵ خەڵکی شاری نۆدشە سەر بە شاری پاوە بە هۆی جەڵتەی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەری گیانی لە دەست دا.

\"\"
مەنسوور سوهرابی
ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە کاتی کۆڵبەری و بە هۆی قورسی کۆڵەکەی لە شوێنێک بە ناوی \"هامنەهۆ\" تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری نۆدشە و لەوێش تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە.

ئەو کۆڵبەر کوردە خێزاندار و باوکی سێ منداڵە.

کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی \"عەزیز ڕەسووڵ‌پوور\"(عەزیز سارکەیی) کوڕی خدر خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی جەڵتەی دڵەوە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری شاری سەردەشت گیانی لە دەست دا.