کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین هەر دوو لاقی لەدەست دا

14:15 - 1 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی تەقینەوەی مین لە سنووری شاری پیرانشار هەر دوو لاقی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شەهاب ئەکفوودە\" خەڵکی شاری مەهاباد، بە هۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ناوچەی \"کانی خوا\"ی شاری پیرانشار لە ترسی بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، چووەتە نێو مەیدانی مین و تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

\"\"شەهاب ئەکفوودە
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: ئەو کۆڵبەرە کوردە لە شوێنێک بە ناوی \"دەلاوان\" کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە مینڕێژ کراوە، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ناوەندی دەرمانی شاری پیرانشار لەژێر چاوەدێری پزیشکیدایە و پزیشكان باری تەندروستی ناوبراویان نالەبار ڕاگەیاندووە.

ماوەیەک پیس ئێستا بێهنام سادقی چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە پارێزگاکانی خووزستان و ئیلام بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"مین، دۆسییەکی هەمیشە کراوە\" لە بڵاوکراوەی \"ماف\" باسی لە ئاماری قوربانیانی مین و کەرەستە نەتەقێندراوەکانی سەردەمی شەڕ لە کوردستان کردبوو.

ئەو چالاکەی بواری خاوێنکردنەوەی مین، لەم بابەتەدا ئاماژەی بە ڕووداوە نەخوازراوەکانی مین لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کردبوو و گوتبووی: \"ئەم ڕووداوانە لە حاڵێکدا ڕوو دەدەن، کە زیاتر لە یەک دەیەیە لە چالاکی ناوەندی کۆکردنەوەی مین لە ناوچە ئالوودەبووەکان بە مین تێدەپەڕێ و لانیکەم چاوەروانییەکی وا هەیە، کە پاش یەک دەیە لە چالاکی خاوێنکردنەوەی ئەم کەرەستەی شەڕە ئاسەوارێک لە مین لەو ناوچە پڕحەشیمەتە نەمێنێت، بەداخەوە بوونی مینە بەجێماوەکان لە نزیک ناوەندە پڕحەشیمەتەکان، بەردەوام کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.