کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەفر و کڕێووە لە سنووری چاڵدێڕان گیانی لە دەست دا

20:00 - 11 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کۆڵبەری کورد خەڵکی شاری چاڵدێران لە سنووری ئەو شارە تووشی سەرما و کڕێووە بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فەرهاد نەقشی\" تەمەن ٢١ ساڵ خەڵکی گوندی \"عیسا گولێک\" سەر بە شاری چاڵدێران بە هۆی سەرما و کڕێووە، گیانی لە دەست دا.

ئەدمینی کاناڵی \"وحدت چالدران\" لە کاناڵی تێلگرام وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: تەرمی ئەو کۆڵبەر، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەشەممە، لە لایەن ئەندامانی مانگی سوور و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، لە ژێر بەفر دا دۆزرایەوە و بۆ نەخۆشخانەی بەهشتی شاری چاڵدێران گوازرایەوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لەو ڕووداوە، دوو کۆڵبەری دیکە تووشی سەرمابردووی بوون و هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو کۆڵبەری دیکە بۆ ئەوان ڕوون نەبووەتەوە.

بە وتەی ئەدمینی ئەو کاناڵە، ئەو دوو کۆڵبەرە بریندار بووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراون و بارودۆخی گشتیی یەکێک لەو دوو کۆڵبەرە نالەبار ڕاگەیاندراوە و ئەگەری قڕتاندنی لاقی لە ئارا دایە.

لەو پەیوەندییەدا،ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەز کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەواد گوڵابی\" تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"مەلوونە\" سەر به ناوچەی سۆمای برادۆست بە هۆی هاتنی ڕنوو گیانی لە دەست داوە.

ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕێبەندان \"سامان ساڵحی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گەڕەکی \"قەوەخ\"ـی سەقز و \"محەممەد کەریمی\" خەڵكی گوندی \"شوێ\" سەر بە شاری بانه لە چیاکانی دەورووبەری گوندی \"بروێشکانی\" سەر بە بەخشی \"نەنۆر\" بە هۆی سەرما گیانیان لە دەست دا.