کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە پشتی شکا

13:41 - 16 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی ڕادوونانی هێزە ئینتزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٥ی ڕەشەمە، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی گوندی\"وەردێ\" شاری سەردەشت لە کاتی ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکان بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی\"کانی زەردە\"ی ئەو شارە بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی\"رەسووڵ مەلا وسوو\" تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار و باوکی سێ منداڵە و خەڵکی گوندی\"وەردێ\" ناوچەی سەردەشت ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە دۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردەی نالەبار ڕاگەیاندووە و بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ناوبراویان ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەو شارە کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی ڕادوونانی هێزە ئینتزامییەکان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی پشتی شکاوە و هەنوکە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت لە ژێرچاوەدێری پزیشکیدایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لەو پەیوەندییەدا، ٤ کۆڵبەری دیکە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

کۆڵبەری، بە پیشەی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان بەئەژمار دێت.