کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"تەتە\" گیانی لە دەست دا

13:45 - 21 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"تەتە\" لە ناوچەی هەورامان، گیانی لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٢٠ی ڕەشەممە، کۆڵبەرێکی کورد، تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری مەریوان، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەکانی \"تەتە\" لە شوێنێک بە ناوی \"تەخمگا\" بەرانبەر بە \"گوناو\" لە ناوچەی هەورامان، گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە ناوی \"ئەفشار سەیادی‌نیاز\" ڕاگەیاندراوە. ئەم کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دەسبەجێ گیانی لە دەسدا و تەرمی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان، ڕاگوێزراوە.

کۆڵبەر ناوی توێژێکی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێرانە که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری کۆڵکێشان و بارکێشانن.

ئەم توێژه زەحمەتکیشە لە تاوی هەژاری و نەداریدا ناچارن بۆ بژێوی ژیانی بنەمالەکانیان ڕوو لەم کارە پڕ مەترسییە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا بکەن.