کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا

20:57 - 5 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد که بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەردەشت کردبوو بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ٤ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی \"محەممەد ئیسماعیل زادە\" کوڕی عومەر ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی \"سیسێر\" و خێزاندار و منداڵێکی کەم تەمەنی هەیە.

هەڵدێرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە لە بەرزاییەکانی \"کانی زەردەی\" شاری سەردەشت ڕووی داوە.

محەممەد ئیسماعیل زادە بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەی ڕووی لە پیشەی کۆڵبەری کردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێ گلاوێژ،کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"کەریم محەممەد ئەمین زادە\"بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەست دا.

کۆڵبەری، بە پیشەی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان بەئەژمار دێت.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.

دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەوسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.