کۆڵبەرێکی کورد بە ٨٠ ملیۆن تمەن جەریمە سزا درا

15:03 - 5 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە ٨٠ میلیۆن تەمەن جەریمە سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"فاروق زەمانی\"، کوڕی عەبدولکەریم، خەڵکی \"دزەی مەرگەوەڕ\"ی سەر بە شاری ورمێ، لە لایەن دەزگای قەزایی، بە تۆمەتی \"هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ\" بە ٨٠ میلیۆن تەمەن جەریمەی نەغدی مەحکووم و پاش بڕینەوەی ئەم حوکمە لە لایەن دادگاوە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم کۆڵبەرە کوردە سەبارەت بەو حوکمە، ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە، ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ کراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەم کۆڵبەرە کوردە، داسەپاندنی ئەم حوکمە قورسە بە سەر ئەم کۆڵبەرە کوردە لە کاتێکدایە کە ناوبراو لە کاتی دەسبەسەریدا، هیچ شتومەکێکی قاچاغی پێ نەبوو.

ئەم کۆڵبەرە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لە دزەی مەرگەوەڕ دەسبەسەر و بە هۆی نەبوونی بارمتە بۆ ئازادکردنی، ماوەی دوو مانگ بە چارەنووسی ناڕوون، لە گرتنگە مابووەوە.