کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار بوو

15:12 - 4 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی حکوومەتی ئێران لە کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی سنووریی ورمێ، کۆڵبەرێکی کورد بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری شاری ورمێ، لە ئەنجامی دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان بە سەختی بریندار ببوو.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە ناوی \"محراب سادقی ئەسڵ\" بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە لە لای سینگ و لاقیەوە گوللەی بەرکەوتوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز کراوە.

ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بە ناوی \"چل مێری شەهیدان\" لە خاڵی سنووریی ورمێ رووی داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژدا دەڵێت: هێزە سنوورپارێزەکان بەبێ ئاگاداریی پێشوو، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژ و برینداریان کردووە.

پێشتر، سالح نیکبەخت پارێزەری کورد، سەبارەت بە چۆنیەتی یاسای بەکارهێنانی چەک لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند؛ یاسای بەکارهێنانی چەک بۆ سەردەمی ئەحمەد شای قاجار دەگەڕێتەوە، بەڵام ٢١ ساڵ پێش ئێستە بۆ \"چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک\" گۆڕدرا، کە بەو پێیە دەبێ ئەو کەسە بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوە، پاشان تەقەی هەوایی و لە ئەنجامدا دەبێ لە کەمەر بەرەو خوار تەقەی لێ بکرێت.