کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان بریندار کرا

16:11 - 9 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار و بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٨ی گەلاوێژ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جارێکی دیکە ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە سەختی بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە لە نزیکەی گوندی\"دۆڵەبی\" شاری سەردەشت ڕوویداوە.
هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\" ئازاد مینە عەبدولی\" خەڵکی گوندی\"دەرمان ئاوێ\" سەر بە شاری سەردەشت ڕاگەیاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هەنوکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دایە.

لەو پەیوەندییەدا، شەوی ٧ی گەلاوێژ، ژمارەیەک لە کاسبکارانی کورد دەکەونە بۆسەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی و لە ئاکامدا کاسبكارێکی کورد گیانی لە دەست دا و دوو کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو کاسبکارە کوردە گیان لە دەست داوەی بە \"ئیبراهیم ڕەحمانی\" کوڕی ڕەحمان خەڵکی گوندی \"تاژان\" سەر بە شاری بانە ڕاگەیاندووە.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشێل کردنی خودی یاساکەیە.

لینکی پەیوەندیدار:
تەقەی هێزە نیزامییەکان لە شاری بانە کوژراوێک و دوو برینداری لێکەوتەوە