کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران کوژرا

18:45 - 29 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری چاڵدران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پایەگای \"قەرەخ لەرمیشە\"ـی گوندی \"وەکیل\" سەر بە شاری چاڵدران ڕاستەوخۆ دەسڕێژیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کرد.

لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"حەکیم حەیدەرانلوو\" کوڕی \" جوبرەئیل\" کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە که هێزە ئینتزامییەکانی پایەگای \"قەرەخ لەرمیشە\" بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوو تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

شەوی ١٩ی پووشپەڕیش، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"فەرهاد شاوەیسی و محەممەد ڕەزایی\" خەڵکی گوندی \"ساوا\"، یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان پاش تەقەی هێزە ئینتزامییەکان تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوون و گیانیان لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ تەقە لە کۆڵبەران دەکەن.

ساڵانە رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لە کوردستان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر ناوی \"هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ\" تەقەیان لێ دەکرێت و دەکوژرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە کاسبکارانی کورد تەنیا بۆ دابینکردنی بژیویی ژیانی بنەماڵەکانیان روویان لەو پیشە پڕ مەترسییە کردووە.