کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی پاسگای سنووریی سەڵماس کوژرا

19:33 - 4 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران لە ناوچەی سەڵماس، بە دەستڕێژی چەکەکانیان کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵەی کورد بەناوی ئازاد ئەتمانی کوڕی ئەفرووز، لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە ئینتزامییەکانی شاری سەڵماسدا گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی نزیک بوونەوە لە سنووری نێوان ئێران – تورکیا، لەلایەن ‌هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەی راستەوخۆ تەقەی لێکراوە.

ئازاد ئەتمانی، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١ی بەفرانبار لەلایەن پاسگای سنووریی گوندی \"بڕوێش خۆران\"ی سەربە بەخشی کۆسارەوە تەقەی لێکراوەو بەو هۆیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

زۆرێک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناچە سنوورییەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە بە شێوەی ئەنقەست و بە قەستی کوشت تەقەیان لێدەکری و هیچ کەسێکی نیزامی یان ئۆرگانێکی حکوومەتی بەرپرسیارەتیی خۆی لەو تەقە کردنانە بە ئەستۆ ناگرێ.