کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە لە سنووری چاڵدێران بریندار بوو

14:11 - 10 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری چاڵدێران، بە هۆی تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە بە توندی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کوردی بە ناوی \"حەمید برووکی میلان\"، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە بریندار بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری \"وان\" لە وڵاتی تورکیە ڕەوانە کراوە.

هێزەکانی ئەرتەشی تورکیە، بە هۆی \"هاتووچۆی نایاسایی بۆ سنووری ئەو وڵاتە\" تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و هەروەها باری تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە کوردە، باش ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری قەندۆلی سەردەشت، کۆمەڵێک لە کۆڵبەرانیان کرده ئامانج کە بە هۆیەوە دوو کۆڵبەری کورد، بە ناوەکانی ئەمین خزرپوور و خالد محەممەدی بە توندی بریندار بوون.

شەوی هەینی ڕێکەوتی ٤ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"موزەفەر حوسێنی\"، تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی گەسیان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی سەرمابردوویی گیانی لە دەست دا.