کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە گیانی لەدەست دا

18:02 - 7 جۆزەردان 2722

ئەمڕۆ شەممە ٧ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئاکۆ ڕەسووڵی" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ڕەحیم خەڵکی شاری بانە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە مەودایەکی کورتدا و لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "تەرمی ئەو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیووبی ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە".

لەو پەیوەندییەدا هاوکات لەگەڵ کوژرانی ئەو کۆڵبەرە، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "جەواد باباخانی" خەڵکی گوندی "قوڕی‌قەڵا"ی شاری ڕوانسەر، بەهۆی بەربوونەوە لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود، نێوقەد و لاقی بریندار بووە.