کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری شاری ورمێ بریندار بوو

13:40 - 5 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە بەرزاییەکانی داڵانپەڕ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی داڵانپەڕی مەرگەوەر، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەیان لێدەکرێت و لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مامەش عەلیزادە\" خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕ، بە سەختی بریندار بوو.

تەقەی هێزە نیزامییەکان پشتی ئەو کۆڵبەرە کوەردەی پێکاوە و پاش برینداربوونی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێ کراوە.

هێزە نیزامییەکان ئەم کۆڵبەر کوردەیان بە گۆمانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ، کردووەتە ئامانج و تەقەیان لێکردووە و پزیشکانی نەخۆشخانە باری تەندروستی ناوبرایان نالەبار ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی \"مێهران دەهستانی‌ڕاد\" تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\"ی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار کرا.

تەقەی هێزە نیزامییەکان بەر لاقی ئەو مێرمنداڵە کوردە کەوتووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری سەردەشت کراوە و پزیشکەکان دۆخی تەندروستی ناوبراویان باش ڕاگەیاندووە.