کۆڵبەرێکی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێ کرا

20:49 - 7 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی کۆنەلاجانی شاری پیرانشار، کە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە سەختی بریندار ببوو، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ناسر عەبدول\" تەمەن ٢٥ ساڵ خەڵکی \"کۆنەلاجان\"ی شاری پیرانشار کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، جێگیر لە پاسگای \"گەڵالە\" لە شاخەکانی قەندیل پێکرابوو و دواتر لە لایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێ گویزرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار ببوو، بە هۆی خوێنڕێژیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەردەشت گوازرابوویەوە، هەنوکە بە هۆی سەختیی برینەکەیەوە بۆ ناوەندێکی دەرمانیی شاری ورمێ بەڕێ کراوە.

ئێوارەی سێشەممە ٥ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای \"گەڵاڵە\" لە شاخەکانی قەندیل، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بە دەسڕێژی گولـله و کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"شوانە مەحموود زادە\" کوڕی سۆفی عومەر خەڵکی گوندی \"شیناوێ\" سەر بە شاری پیرانشار گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ناسر عەبدوڵ\" تەمەن ٢٥ سآڵ خەڵکی \"کۆنەلاجان\" بە سەختی بریندار بوو.

ئەو ڕووداوە لە شوێنێک بە ناوی \"ئاردێ\" لە کوێستانەکانی قەندیل ڕووی داوە و هێزە نیزماییەکانی حکوومەتی ئێڕان بە برینداری ناسر عەبدوڵیان دەسبەسەر و نەیانهێشتووە ناوبراو بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانی نەخۆشخانە بکرێت.