کۆڵبەرێکی پیرانشاری پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

22:33 - 11 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەلال باڵان\" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"حجران\"ی شاری پیرانشار پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد گیانی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە ڕۆژی هەینی ٦ی گەلاوێژ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مەهاباد کرا.

دەوترێ، سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان بۆ چارەسەریی باری تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردە، ناوبراو بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لە دەست دا.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.

دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەوسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.