کۆڵبەرێکی پیرانشاری بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بە سەختی بریندار بوو

15:30 - 21 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی\"کانی خوا\"ی ئەو شارە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"عەلی گوڵچینی\" خەڵکی گوندی \"کەڵەکین\" ی شاری پیرانشار بە هۆی بەربوونەوە لە شاخی کانی خوا بریندار بوو.

دەم و چاوی ئەو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوەدا، بە سەختی بریندار بووە.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی پیرانشار و سەردەشت لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەر لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لەو نێوانەدا ١٦ هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت بوونیان هەیە و بە پیشەی کۆڵبەرییەوە خەریکن.

دەوڵەتی ڕۆحانی چەند جار باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و لابردنی کێشەکانی ئەوان کردووە و هەتا ئێستا لەو ڕاستایەدا هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نەدراوە.

کۆڵی ئەو کۆڵبەرانە شتومەک و کەرەستەی بازرگانی شارە گەورەکانی ئێرانە کە لە دەرەوەی یاسای گۆمروکەوە جێبەجێ دەکرێت.