کۆڵبەرێکی پیرانشاری بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی سەر سنوور بریندار کرا

17:00 - 25 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی پیرانشار بە تەقەی راستەوخۆی هیزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی (ئەیوب فەقێ‌زادە، تەمەن ٢٦ ساڵ) و خەڵکی کۆنەلاجانی پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی هەنگی مەرزیی پیرانشار بە توندی بریندار کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ ئەیوب فەقێ‌زادە خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە، کە بۆ دابین کردنی بژیویی ژیان رووی لە کۆڵبەری کردبوو.

گوتیشی: هێزە چەکدارەکان لە شوێنیک بەناوی (بەرد و ناز) بۆسەیان بۆ کۆڵبەران ناوەتەوە و تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە: ئەیوب فەقێ‌زادە، لەلایەن کۆڵبەرەکانی دیکەوە بۆ نەخخۆشخانەی شاری دیانا (سۆران)، لە هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوەو لەژێر چاوەدێریی پزیشکی‌دایە.