کۆڵبەرێکی لاو لە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکرا

20:14 - 30 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری \"نەنۆڕ\" شاری بانە تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ئەو شارە کرد و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"کارساز عەزیزی\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی \"کێلێ\" سەر بە شاری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری \"نەنۆر\" بە سەختی بریندار کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بارودۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی نالەبار ڕاگەیەندراوە و بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، گوللە بەر سینگی گرتووە.

دوانێوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"کەوپەڕ\" سەر بە شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان بە سەختی بریندار کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"مستەفا خزری\" کوڕی ڕەحمان تەمەن ٢٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیە، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی لە شوێنێک بە ناوی\"کانی خوا\" تەقەیان لەو کۆڵبەرە کردووە، کە ناوبراو بە هۆییەوە بریندار بووە.