کۆڵبەرێکی سەڵماسی بە تەقینەوەی مین لە بانە بە سەختی بریندار و کەمئەندام بوو

11:20 - 29 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "مەحموود عوسمانی جەنگەسەر" خەڵکی شاری سەڵماس، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بە سەختی بریندار و کەمئەندام بوو.

ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوە هەر دوو چاوی و یەکێک لە لاقەکانی لەدەست داوە و لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانە، خەوێندراوە.

ئەو کۆڵبەرە بۆ ڕەوانەکرانی بۆ ناوەندی دەرمانی پێویستی بە یارمەتیی ماڵی هەیە و بنەماڵەکەی بەهۆی خراپی و نالەباریی باری ماڵی، توانای گواستنەوەی ئەو کۆڵبەرەیان بۆ شاری تەورێز نییە.

چالاکانی مەدەنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، کەمپەینێکیان بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئەو کۆڵبەرە وەڕێخستووە.

مەحموود عوسمانی جەنگەسەر خەڵکی گوندی "جەنگەسەر"ی شاری سەڵماسە و خێزاندار و باوکی چوار منداڵە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئامانج ئازەرپوور" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری "سەقز" بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری "هەنگەژاڵـ"ـی بانە بریندار ببوو.