کۆڵبەرێکی سەردەشتی لە سنووری "چۆمانـ"ـی بانە بریندار بوو

11:55 - 10 جۆزەردان 2720

ڕۆژی هەینی ١٠ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری "چۆمانـ"ـی بانە کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی هێزە  نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عەلی خدرزادە" خەڵکی گوندی "کۆڵکەڕەشی سەرێـ"ـی شاری سەردەشت بریندار بوو.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی کۆڵبەران لە سنووری بانە، تەقەیان لێ کردوون.

"عەلی خدرزادە"، هەنووکە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە نزیک گوندی "کەرکوشـ"ـی بەخشی "سەفاییە"ی شاری خۆی، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە دەسڕێژییان لێ کرا و "موحسێن دەروێش ‌زادە و ئیبراهیم جوردیزەج" گیانیان لەدەست دا.