کۆڵبەرێکی سەردەشتی بەتەقەی هێزە چەکدارەکان بووە قوربانی

16:57 - 18 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژی کوشتن و تەقەکردنی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کۆڵبەران و کاسبکارانی سەرسنوور، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی سەردەشت، بەتەقەی هیزە نیزامییەکان رەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی بێژوێی سەربە شاری سەردەشت بەناوی رامیار ئیبراهیمی، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە تەقەی لێکراوەو بە توندی بریندار بووە.

بە گوتەی شایەتحاڵان، ئەو کۆڵبەرە کوردە گوللـەیەک بەر سەری کەوتووەو بەوهۆیەوە رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.

دەگوترێت، رامیار ئیبراهیمی بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە لە بەشی (ئای‌سی‌یوو)ی نەخۆشخانەی ورمێ لە کۆمادایەو پزیشکەکان باری تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندووە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە وەرزی هاوینی ئەمساڵدا( پووشپەڕی ٩٣)، ٥ کۆڵبەری کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامی و چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراون و ١٢ کۆڵبەری دیکەش بە تەقەی ئەو هێزانە بریندار کراون.

سەرەڕای بەردەوامبوونی رەوتی کوژرانی کۆڵبەران بەدەستی هێزە نیزامییەکان و مەحکووم کرانی ئەو کردەوەیەی هیزە نیزامییەکان لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، لایەنە پەیونەدیدارەکانی هیچ هەڵوێستێکیان نەنواندووەو زۆر جاریش ناوەند و بەرپرسانی نیزامیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیاری تەقەی راستەوخۆ لە کۆڵبەران دەر ئەکەن.