کۆڵبەرێکی سەردەشتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژرا

15:01 - 4 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری سەردەشت سەر بە پارێزگای ورمێ گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێکی کوردی لێ کەوتەوە.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی \"کەریم محەممەد ئەمین زادە\" ناسراو بە کەریم ئەحمەد خالە عەلی بێتووشی\" خەڵکی گوندی \"بێتووش\" ڕاگەیاندوە.

\"\"سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە هەواڵنێری کوردپا ڕایگەیاند: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، ئەو کۆڵبەرە کوردەیان داوتە بەر دەستڕیژی گوللە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو: ئەو کۆڵبەرە کوردە بە هۆی کاریگەر بوونی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.

دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەوسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.

کۆڵبەر بە چین و توێژەکانی زەحمەتکێشی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە خەریکن.

ئەو چین و توێژە زەحمەتکێشە بە هۆی هەژاری و دەستکورتی بە ناچاری بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانی خۆیان ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان دەکەن.