کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە سنووری چاڵدێران بریندار بوو

14:24 - 24 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری چاڵدێران بریندار و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خاکەلێوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری چاڵدێران، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تەقەیان لێکرا و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێک بە ناوی \"مەجید جەلیل‌پوور\" خەڵکی بەخشی \"قوتوور\"ی شاری خۆی بە سەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، لە لای پشتیەوە، گوللەی بەرکەوتووە و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی ورمێ، باری تەندرووستی ئەو کۆڵبەرە کوردەیان، نالەبار ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"بێهرووز چەتۆزادە\" خەڵکی گوندی \"توورە\"، سەر بە بەخشی \"ئەلەند\" ی شاری خۆی، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە، کردووە.