کۆڵبەرێکی دیکەی کورد لە بۆسەی هێزە ئەمنیەتییەکان کوژرا

16:27 - 30 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد لە شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری سپا گیانی لە دەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەوڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، لە سنووری شاری پیرانشار هێندێک لە کۆڵبەرەکانی ئەو ناوچەیە، لەگەڵ بۆسەی هێزە حکوومەتییەکان بەرەوڕوو بوونەوە.

لەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کۆڵبەران بە ناوی \"عەباس ئاتەش بەریک\" دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە تەمەنی ٢٨ ساڵ بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار وێڕای ڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: بۆسەی هێزە نیزامییەکان لە خاڵی سنووری \"کونە ڕێ\" بووە.

عەباس ئاتەش بریک خەڵکی گوندی\"حەمزەئاوا\" سەر بە بەخشی ناوچەی لاجان بووە.

حەوتووی ڕابردوو لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە سنووری\"سەرو\"ی شاری ورمێ کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە ناوی عێزەت تارمەن لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامییەوە گیانی لە دەستدا.

بەپێی داب و نەریت و ڕەوشت، پێناسی کۆڵبەر، بە کەسانێک دەوترێ، کە کەرەسە و شتومەکەکەیان لە سەر پشت و یان کۆڵ هەڵدەگرن.

ماوەیەک پێش عەلی خامنەیی سەبارەت بە دیاردەی ناسراو بە شتومەکی قاچاغ ڕایگەیاندبوو، مەبەست لە پێشگیری لەگەڵ شتومەکی قاچاغ، بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو کۆڵبەرانەیە کە لە هێندێک ناوچەکان کەلوپەلی چووکە و ورد، دەهێنن، نیە.