کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزەکانی حکوومەت بریندار کرا

21:27 - 20 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی، کۆڵبەرێکی لاوی تەمەن ١٧ ساڵ بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٩ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی لاو بە ناوی \"هێدی ئیسماعیلی\" لە نزیک گوندی \"مێرگاسە\" ی ناوچەی ئالانی سەردەشت، دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی هەنگی سنووریی شاری سەردەشت و لە پشتێن بۆ سەرێ بە توندی بریندار دەبێت.

دەوترێ، ئەو کۆڵبەرە کوردە پاش بریندار بوونی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەردەشت کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، هەنووکە ئەو کۆڵبەرە کوردە لە ژێر چاوەدێریی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران، ٥ کۆڵبەری کورد کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئێران.

لە ئەنجامی ئەو تەقە ڕاستەوخۆیەی هێزەکانی حکوومەتی ئێران ٢ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بورهان عەلەمهولوو و مستەفا مێهرپەروەر\" لە سنووری شاری چاڵدێران کوژران و ٣ کۆڵبەری دیکەیش بە توندی بریندار بوون.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەر سنوورەکان دەکەن و زۆرجاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.