کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لە دەست دا

14:45 - 29 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری ورمێ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری ئەو شارە گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"زەکەریا بەکری\" کوڕی محەممەدعەلی خەڵکی گوندی \"هەلەج\" سەر بە ناوچەی مەڕگەوەری شاری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.

هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوەخت، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و ناوبراو لە ئاکامی ئەو تەقەیەدا، دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە.

\"\"زەکەریا بەکری
لە لایەکی دیکەوە، چەند ڕۆژ پێش، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ڕەحیم گردەسووری\" خەڵکی گوندی \"گردەسوور\" سەر بە شاری پیرانشار و \"مستەفا حەسەنی\" خەڵکی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کران.

تەقە کردن لە کۆڵبەران لە کوردستان لە حاڵێکدایە کە جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی وەزیری ئێران، حوسێن زوڵفەقاری، لە وڵامی یەکێک لە هەواڵسازانی ئیلنا، کە لەسەر وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی کوردستان پرسیاری لێ کردبوو، وتوویەتی: ئێمە شتێک بە ناوی کۆڵبەرمان نییە؛ ئەم وشەیە کە کەس نازانێت لە کوێیەوە هاتووە، هەم بۆ خەڵک هەم بۆ بەرپرسان کێشەی ساز کردووە.

کۆڵبەرانی کورد کە لە ڕوانگەی ئەم بەرپرسەی حکوومەتی ئێران، تێرۆریستن، ئەو کەسانەن کە تەنیا ئەو شتومەکە سەرەکییانە دەگوازنەوە، کە لە شارە گەورەکانی ئێران کەڵکیان لێوەر دەگیرێت و نرخی بارەکانیشیان لە ٥٠٠ هەزار تمەن تێناپەڕێنێت، لە حاڵێکدا لە یاسای گومرۆکی حکوومەتی ئێراندا ئەو شتومەکانە کە نرخەکانیان لە ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن زیاتر نەبێت، گواستنەوە و هاوردنیان نایاسایی نییە، هەروەها هەموو ئەو کۆڵبەرانەی کە دەکەونە بەر دەسڕێژی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت تەقەیان لێ دەکرێت.