کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژرا

14:33 - 21 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ناوچەی سۆمابرادۆست، سەر بە شاری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری شنۆ کوژرا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری شنۆ شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە\"عێزەدین خالیدی\" کوڕی عەبدوڵڕحمان خەڵکی گوندی\"حەسەن ئاوا\" سەر بە ناوچەی سۆماو برادۆستی ورمێ ڕاگەیاندووە.

دووشەممە ١٦ی گەلاوێژ، کاسبکارێکی کورد بە ناوی\" محەممەد باهر قەتیوولی\" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە نزیک گوندی\"کانی دانیار\" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی گیانی لە دەست دا.

بەهۆی نەبوونی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاریی حکوومی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێــران، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابین کردنی بژیویی ژیانیان روو لە کۆڵبەری و کاسبی کردنی سەرسنوورەکان دەکەن و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.

بە وتەی ڕەسووڵ خزری، نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە مەجلیسی ئێران، ٦٨ هەزار کۆڵبەری کورد لە پارێزگا سنوورییەکان خەریکی کاری کۆڵبەرین و لە نێوان ١٦ هەزار هەتا ١٨ هەزار کۆڵبەر لەو دوو شارە بە پیشەی کۆڵبەری خەریکن.

دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی چەند جارێک باسی لە ڕێکخستنی کۆڵبەران و چارەوسەر کردنی کێشەی بەردەم کۆڵبەرانی لە سنوورەکان کردووە و هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیددی لەو ڕاستایە هەڵنەگیراوە.